پاش ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی و فایق ئۆزگور ئەرۆڵ پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتوون، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکەیان کۆتاییهات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) و ئەندامی شاندی ئیمرالی و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان دوای دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دوورگەی ئیمرالی گەڕانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەردان دێت کە لەم دواییانەدا دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگەیان پێدابوون دیدار لەگەڵ ڕێبەری پەکەکە ئەنجام بدەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ یەکەمین دیداری بنەماڵەی خۆی لەگەڵ ئۆمەر ئۆجالان کوڕەزاکەی لە پارێزگای ئورفا ئەنجامدا، دواتر شاندی حیزب سێ جار، واتە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ٢٢ی ڕێبەندان و ٢٧ی ڕەشەمەی ٢٠٢٥، سەردانی زیندانی ئیمرالی بکەن، دوو سەردانی یەکەمیش هەریەک لە سیری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان ئامادەی بوون.
لە سەردانى سێیەمیشدا، تولەى هاتیمۆغولارى و تونسێر باکران، هاوسەرۆکانى دەم پارتی لەگەڵ پارێزەران جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ و سیاسەتمەدارى کورد ئەحمەد تورک لەگەڵ شاندەکەدا بەشداربوون.
هەروەها بڕیاربوو شاندەکە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ١٠ی نیسان، بەردەوام بێت لە سەردانەکەی بۆ ئیمرالی، بەڵام سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندەکە لە ١٥ی نیساندا تووشی جەڵتەی دڵی سەخت بوو، لە ئێستادا لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیل لە ئەستەنبوڵ چارەسەر وەردەگرێت.