ئەحمەد تورک سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناسراوی کورد و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە" ئەحمەد تورک بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی تەندروستییەوە لە ئەنقەرە لە ژێر چاودێری پزیشکدایە".
ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەحمەد تورک، لە ئەنجامی تێکچوونی دۆخی تەندروستی ئەمڕۆ لە دیداری شاندی ئیمرالی دەم پارتی بۆ لای ئۆجەلان ئامادە نەبوو.
شەوی ١٥ی ئەم مانگەش سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی تووشی جەڵتەی دڵ بوو، دواتر بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.
ئەحمەد تورک ساڵی ١٩٤٢ لە مێردین لە دایکبووە و سیاسەتمەدار و کەسایەتییەکی دیاری باکوری کوردستانە، لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ١٩٧٣ شەش خول پەرلەمانتار بووە، لە ١٩٩٠ پارتی رەنجی گەلان (هەپ)ی دامەزراندووە، لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩ دووجار بە سەرۆکی شارەوانی مێردین هەڵبژێردراوە.