سزای لە سێدارەدانی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسی کورد بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ جێبەجێکرا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو سزای سێدارەی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٠ ساڵ و باوکی سێ منداڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ جێبەجێکراوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترایەوە و بەهۆی مانگرتنی بنەماڵەکەی سزاکەی جێبەجێنەکرا و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گوسترایەوە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی شەممە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ژووری تاکە کەسی بەندیخانەی ورمێ گواستراوەتەوە و ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لە سێدارە دراوە، هەواڵدەری ڕۆکنا سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ئاماژەدان بە ڕێکەوتی جێبەجێکردنی سزاکەی، لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەی پشتراستکردووەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەکی دیکەوە بەهزاد سەرخانلوو جێگری داواکاری گشتی ورمێ دوای بانگکردنی بنەماڵەی حەمید لەگەڵ ڕاگەیاندنی لە سێدارەدانی پێیانی وتووە، تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی نادرێتەوە و مۆڵەتی بەرێوەبردنی هیچ ڕێورەسمیکی سەرەخۆشیان نییە.
ڕۆژی ٢٧ی ئاداری ئەمساڵ حەمید حسێن نەژاد حەیدەرنلووی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی گوندی سگریکى سەر بە چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێ لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە تۆمەتی "یاخیبوون دژی دەوڵەت" سزای لەسێدارەنەکەی پەسەند کرا.