"ئەرکی حکومەتە ژینگەیەکی لەبار دابینبکات بۆ رۆژنامەنوسان"

سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال لە یادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکانە کە یاساکان جێبەجێبکەن ژینگەیەکی لەبار دابینبکرێت بۆ رۆژنامەنوسان". 

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال، لە پەیامەکەیدا دەڵێت" یادی ١٢٧ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی و رۆژی رۆژنامەگەری کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان پیرۆزبێت".

تاڵەبانی دەشڵێت" لەم یادەدا سڵاو دەنێرین بۆ پێشەنگانی رۆژنامەگەری کوردی و هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەی لە سەد ساڵی رابردوودا قەڵەم و بیر و هزر و ژیانی خۆیان خستووەتە خزمەتی داکۆکیکردن لە ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی کوردەوە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە" لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری رۆژنامەگەریی کوردیدا لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و لە بەرامبەریشدا ئەرکی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، پاراستنی ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسی و هەنگاونانە بەرەو پیشەیی بوونی زیاتر".



AM:10:25:22/04/2025