بافڵ تاڵەبانی: دەبێت ڕۆژنامەنوسان ببنە پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندی خەڵک

سەرۆکی یەکێتی لە یادی ١٢٧ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویستە ببنە پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندی خەڵک". 

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە" بەبۆنەی یادی ١٢٧ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان'ـەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانە دەکەم کە پیشەییانە شانیان داوەتەبەر بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی و وەک خامەیەکی سەنگین و بوێر و ئازا خزمەتی رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی و گەلەکەمان دەکەن".

سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت" وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نوسین، رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی هەرێمەکەمان و کۆمەڵگەی کوردین".

بافڵ تاڵەبانی وتیشی" لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان. دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى رۆژنامەوانيدا بکەن".

ڕاشیگەیاند" داواکاری من لە رۆژنامەوانان ئەوەیە کاری لە پێشینەیان پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديی خەڵکە خۆشەویستەکەمان. ئەرکی رۆژنامەوانانە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکاندا بکەن و کارەکەیان تێکەڵی رقی کەسی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی راستگۆ و بوێربن".



AM:11:30:22/04/2025