وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لیستی مووچەی مانگی نیسان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا".
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ سێشەممە لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی نیسان ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئازار ( میزان المراجعة ) و ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ ( الحسابات الختامیة ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە.
پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، ئاماژەی بەکردبوو کە هەر ئەمڕۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ کە بڕەکەی ٤٨ ملیار، ٢٠٥ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.