سەرۆک کۆماری عێراق لە یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیدا دەڵێت" جەخت لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان و دابینکردنی ڕووبەری ئازاد بۆ ئازادی ڕادەربڕین دەکەینەوە".
لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی" له رۆژی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبای گەرم ئاراستەی رۆژنامەنووسانی کوردستان و عیراق دەکەین، ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی میراتی رۆژنامەوانی دەوڵەمەند و درێژخایەنی گەلەکەمان و رۆڵی رۆژنامەگەری لە دۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و گەیاندنی رووداو و هەواڵەکان و تیشک خستنە سەر بابەتە گرنگەکانی ژیانی هاوڵاتییان و تەئکیدکردنەوە لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنوسان و دابینکردنی ئەوپەڕی روبەری ئازاد بۆ ئازادی رادەربڕین لە پێناو پەرەپێدانی یەکڕیزی و هاوخەباتی نێوان خەڵک و پتەوکردنی رۆحی نیشتمانی".
سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆتاییدا وتی" هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ رۆژنامەگەری کوردی دەخوازین و هەموو هەوڵێک بۆ ئاشکراکردنی راستیەکان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و پتەوکردنی دیموکراسی و بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنین، هەمیشە سەرکەوتوو سەرفراز بن".