هێنانی چەند بەرهەمێكی ئاژەڵ بۆ هەرێم قەدەغە كرا

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هێنانی پێستە و خوری ئاژەڵی لە ناوچەكانی عێراقەوە و دەشڵێت" بۆ خۆپارێزییە لە پەتای تای خوێنبەربوون".

وەزارەتی كشتتوكاڵی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای (تای خوێنبەربوون) بڕیاریان داوە بە قەدەغە كردنی هاوردەكردنی پێستە و خوری ئاژەڵی لە ناوچەكانی عێراقەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، هێنانی خوری و پێستەی ئاژەڵ لە شارەكانی عێراقەوە بۆ هەرێم بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە قەدەغە كراوە.

پێشتریش، ڕابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، هەموو ساڵێک لەم کاتانە، ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لەناو ئاژەڵان بڵاودەبێتەوە، بۆیە ئەوان ئامادەکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکەن و هەفتەیەکە تیمێکی ڤێتێنەری سەردانی ئاژەڵداران دەکەن و ئاژەڵەکانیان بە دەرمان بۆ دەشۆن.



PM:07:14:22/04/2025