لە کاتێکدا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا لە هەموو بابەتێکدا هاوڕان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا و دەربارەی ناوەڕۆکەکەی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس) بڵاوکردەوە.
ترەمپ ڕایگەیاند" پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ بی بی (بنیامین ناتانیاهو) ئەنجام دا و لەسەر زۆر بابەت قسەمان کردو لەوانەش پرسەکانی ئابووری و ئێران. پەیوەندییەکەمان زۆر باش بوو. لەگەڵ ئەو لە هەموو بابەتێکدا هاوڕاین".
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و ناتانیاهو لە کاتێکدا دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە.
ڕۆژی ١٨ی نیسان سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل پلانی ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران (دواناخات)، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ پەلەیەکی نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.