لە بارەی پێکدادانی هاندەرانی نێوان زاخۆ و نەورۆز
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستدەکرێت

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" لەسەر ڕوداوەکەی شەوی ٢٢ ی نیسانی نێوان هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستدەکرێت و سبەی سەردانی شوێنی ڕوداوەکە دەکرێت".

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "شەوی ٢٢ی نیسان لە یارییەکی گەڕی ٢٩ی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی  لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچو، بەداخەوە گرژیی دروستبوو لە نیوان هاندەرانی هەردو یانەکە و بوە هۆی وەستاندنی یارییەکە و بە سوکی برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر".

  هەروەها هاتووە" بارودۆخی نەخوازراو کۆنتڕۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران". 

بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکرا و بەیانی سەردانی شوێنی روداوەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی ڕاستییەکان.( راگەیاندنەکەی وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت).
 
وەزارەتی ناوبراو داوا لە هاندەرانی هەردو یانە و هاوڵاتیان دەکات کە بە رۆحی وەرزشی مامەڵە بکەن و کەناڵەکانی میدیاش هاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی رۆحی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.




AM:09:29:23/04/2025