بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمساڵ سەدا ٦٠ی بارانی پارساڵ باریوە، چەندین بیر و کارێز و کانی وشکیان کردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەردابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان دەبێت لە وەرزی هاویندا.
شیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" بەنداوی دوکان لە ساڵەکانی ٥٠وە جێبەجێکراوە، پڕۆژەیەکی ئاوی تیادا بووە لە سەدەکەوە ئاوی لیێوەرگیراوە بۆ خانووەکانی سەرەوەی دوکان، لە بەر کۆنی پڕۆژەکە و ڕزین و کۆنبوونی بۆرییەکان، مەترسییەک لەسەر بەنداوەکە دروست بوو بوو، ئێمەش بەهاوکاری ڕێکخراوی یونسێف کە بودجەی پڕۆژەکەی دابین کرد و نەخشەو ئامادەسازی لە بەڕێوەبەرایەتیمانەوە بۆ کرا، پڕۆژەیەکی نوێمان بۆ کرد و ئێستا لە سارەی یەکەوە ئاو دەنێردرێت بۆ ناوچەکانی سەرەوە".
باسی لەوەشکرد: ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە بۆ ئەوەبوو ئەو بۆریە کۆنانە بگۆڕین کە لەناو تونێل و مەڕمەڕەکانی بەنداوەکەدابوون، ئەمەش مەترسی لەسەر بەنداوەکە دروست کردبوو، بۆیە بە ڕای هەموومان ئەوەبوو کە ئەو بۆریانە بوونیان نەمێنێت لەناو بەنداوەکەدا.
لە بارەی کەمی بارانبارین مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی دابەشکردنی ئاو دەبێت؟ بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی وتی" ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین کەم بووە، لەسەدا ٦٠ی پار بارانباریوە، ئەگەرچی پاریش وەک پێویست باران نەباری بوو بەڵام لە چاو ئەمساڵد باشتر بوو".
ئەوەشی خستەڕوو ئەمساڵ بارانبارین زۆر کەمبووەتەوە، لە هەندێک شوێن ئاستی ئاوی بیرەکان زۆر دابەزیوە و لە هەندێک شوێنی دیکە وشکیان کردووە، هەندێک کانیاو وشکی کردووە، هەندێک کارێز ئاوی تیا نەماوە.
وتیشی" ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان دابەزیوە، بەڵام ئەو پڕۆژانەی ئاوی خواردنەوە بۆ سلێمانی دابین دەکەن بەردەوامن لە دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان، بەڵام کەمی بارانبارین کاریگەری خۆی دەبێت بەتایبەت لە وەرزی هاویندا".
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی وتیشی"لە قەزاو ناحییەکاندا لە ئێستاوە هەستمان بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو کردووە، بۆیە لێرەوە بە دەرفەتی دەزانین داوا بکەین هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و بودجەی زیاتر بۆ سێکتەری ئاو دابین بکەن".
وتیشی"وەک خۆمان لە ئێستاوە نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و پارێزگای سلێمانی کردوە، کەلە ئێستاوە مشووری ئەو بابەتە بخۆن، نەوەک لە هاویندا بکەوینە تەنگەتاوییەوە".
ئاماژەی بەوەشدا کە بەدەر لە ئامادەکاری کەمبوونەوەی ئاو، ئێمە ساڵانە ئامادەکاری خۆمان دەکەین، پڕۆژەکان نۆژەن دەکەینەوە و پەمپەکان نۆژەن دەکەینەوە، لە قەزاو ناحییەکانیش ئەو ئامادەکارییانە دەکەین.