وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، پێویستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکەن:

١- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتی دەکات.

٢- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.

٣- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.

٤- بەبێ دەستکێش مامەڵەکردن لەگەڵ کەلاش مەکەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ.

٥- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

٦- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

٧-پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.

٨ – باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لە پلەی (4 -) پلەی سەدی هەڵبگیرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

٩- ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان مێرووی تری هەبوو باشتر وایە سەر نەبڕدرێت.





PM:03:09:23/04/2025