مەسرور بارزانی و شاندێکی ئەمریکی کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد، بە سەرۆکایەتیی ڕایلی بارنس، بەرپرس لە نووسینگەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە دیدارەکە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە بەشداریکردن لە ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە کوردستان کرد".
هەروەها دۆخی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کرایەوە.