بارزانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تاوتوێدەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت تاوتوێکرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە هەولێر پێشوازی لە جان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد، لە میانی دیدارەکەدا بارۆ دڵخۆشی خۆی بە سەردانی هەولێر دەربڕی و جەختی لە بەهێزی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و وتی" هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە". 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکان و پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە زووترین کاتدا کرا، هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کرا و جەخت لەسەر گرنگی دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی کرایەوە. 

هاوکات پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی هەردوولا بوو. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقییەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەروەری تەواوەتی خاکی عێراق دوپاتکردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگی بەردەوامی پاڵپشتی ئابووری و گەشەسەندنی لە ساڵانی داهاتوودا.

هەروەها دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەفین دزەی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا و بڕیارە کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجام بدات.



PM:08:00:23/04/2025