تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" نەشتەرگەری لابردنی چەوی ورگ و دابەزاندنی كێش لە هەموو نەخۆشخانە حكومی و ئەهلیەكان ڕاگیرا".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی، ئەمشەو چوارشەممە ڕایگەیاند" د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بڕیاریدا بە ڕاگرتنی هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەری لابردنی چەوری ورگ و نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی كێش لە هەموو نەخۆشخانە حكومی و نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بۆ ماوەیەكی كاتی تاوەكو بە هەماهەنگی سەندیكای پزیشكانی كوردستان و كۆمەڵە پزشیكیەكان ڕێنمایی نوێی تایبەت بەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەكرێن".
هەروەها بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاگاداری هەموو نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەتی كردەوە هەموو جۆرەكانی نەشتەرگەری تایبەت بە دابەزاندنی كێش و لابردنی چەوری بوەستێنن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی تاوەكو بە نووسراوێكی تر ئاگاداریان دەكەنەوە، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكار دەگیرێتەبەر.
بڕیارەکەی تەندروستی سلێمانی لە کاتێکدایە، ژنێکی تەمەن ٣٦ ساڵان دوای گەڕانەوەی لە بەریتانیاوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا.