وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت" لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆدەبێتەوە".
ژان نویل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئەمشەو چوارشەممە
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند" لە میانی سەردانەکەمدا بۆ هەولێر لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە کۆدەبمەوە".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختیشیکردەوە، ئەم سەردانە بەڵگەیە لەسەر دۆستایەتی نێوان گەلی کورد و فەرەنسا، و چەندین ساڵە پەیوەندییەکی پتەو و نزیکیان هەیە.
ڕاشیگەیاند" لە ماوەی شەڕی داعشدا، پەیوەندییەکەمان بەهێزتر بووە، چونکە هێزەکانمان شانبەشانی هێزە کوردییەکان شەڕیانکردووە، هەروەها پشتیوانی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەینەوە".
هەروەها لای خۆشییەوە نێچرڤان بارزانی وتی" زۆر خۆشحاڵم کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازی لە ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکەم کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق بەشداری ئەم سەردانەی کرد".
بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" باسی زۆر بابەتی گرنگمان کرد سەبارەت بە دۆخی عێراق و دۆخی ناوچەکە بەگشتی".
جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت" گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان کرد سەبارەت بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق،
ئێمە پەیوەندییە مێژووییەکانمان لەگەڵ فەرەنسا بە نرخ دەزانین و پابەندبوونمان بە بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا دووپاتدەکەینەوە، بەتایبەتی لە بەرزکردنەوەی ئاسایش، سەقامگیری، ئابووری، کولتووری و پەیوەندییەکانی دیکەدا".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقییەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەروەری تەواوەتی خاکی عێراق دوپاتکردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگی بەردەوامی پاڵپشتی ئابووری و گەشەسەندنی لە ساڵانی داهاتوودا.
هەروەها دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەفین دزەی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا و بڕیارە کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجام بدات.
بڕیارە سبەینێش وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆببێتەوە.