فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی سەقامگیری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەهێزکردنی دیالۆگ و ڕۆڵی فەرەنسا لە یەکلاکردنەوەی سیاسیدا.
ماڵپەڕی هاوار نیوز درەنگانی شەوی ڕابردوو لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیلهام ئەحمەد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان نویل بارۆت لە هەولێر کۆبوونەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایە سەر ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە، بەرزکردنەوەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سوریاییەکان و ڕۆڵی فەرەنسا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چارەسەری سیاسی.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دیدارە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەیە کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە ئەنجامدراوە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی سوریادا.
فەرەنسا پێشتر پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەربڕیبوو، بە هەنگاوێکی ئەرێنی زانیبوو بەرەو چارەسەری ئاشتیانە کە گەرەنتی یەکڕیزی سوریا و مافی هەموو پێکهاتەکانی بکات بە کوردیشەوە.
بەرەبەیانی دوێنێ ژان نۆیل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقییەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەروەری تەواوەتی خاکی عێراق دوپاتکردەوە و تیشکی خستە سەر گرنگی بەردەوامی پاڵپشتی ئابووری و گەشەسەندنی لە ساڵانی داهاتوودا.
هەروەها دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەفین دزەی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا و بڕیارە کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجام بدات.
بڕیارە ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆببێتەوە.