ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێم ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەی پلەکانی گەرما دادەبەزن و خێرایی باش زیاد دەکات".
بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵ لە کەشدا، هەروەها ئەگەری بارینی نمە بارێنێکی کەم بە تێکەڵی لەگەڵ خۆڵ لە ناوچەی جیاجیادا هەیە، لە ناوچە شاخاویەکانی باکووریش ئەگەری بارانبارین زیاترە.
ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ (٢ تا ٤) پلە دادەبەزن، خێرای باش (١٥ - ٢٥)کم دەبێت و هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی (٣٠) کم، مەودای (٤ - ٦)کم دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ هەینی ئاسمان هەور دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکى سوک لە کەشدا، هەروەها پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و خێرای باش (١٥ - ٢٥)کم دەبێت، بەڵام هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی (٣٠)کم، مەودای بینین (٥ - ٧)کم دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەمشێوەیەیە:
هەولێر: ٣٠
سلێمانی: ٢٩
دهۆک: ٢٩
زاخۆ: ٣٠
هەڵەبجە: ٣٠
کەرکوک: ٣٣
حاجی ئۆمەران: ١٦
سۆران: ٢٧
گەرمیان: ٣٦