"جەخت لەسەر گرنگی بەشداریکردنی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا لە حوکمڕانیدا دەکەینەوە"

شەوی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم عەبدی لە هەولێر کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگی بەشداریکردنی کورد و هەموو پێکهاتەکانی سوریا کردەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوکردەوە" شه‌وى ڕابردوو لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم عه‌بدى، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كرد، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سوریا و په‌یوه‌ندییه‌كانى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان‌ له‌ سوریا له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سوریا تاوتوێ كران و ده‌رباره‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌". 

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی هاوبه‌شى و به‌شدارى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كانى سوریا له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كه‌دا و مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى هه‌مووان كرده‌وه‌، هەروەها هاوڕابوون له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى له‌ نێو پێكهاته‌كانى سوریادا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى مه‌ترسى و ئاڵنگارییه‌كان. 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" پێویستى یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌ نێو هێز و لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى سوریادا وه‌ك گەرەنتییه‌ك بۆ به‌دیهێنانى داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد له‌و وڵاته‌، دۆخى كامپى هۆڵ و ڕۆڵى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سوریا بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى داعش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو". 



AM:11:30:24/04/2025