بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار ڕایدەگەیەنێت" لە سەرەتایی مانگی داهاتوودا دووەمین پێشانگای هەلی كار لە كوردستان دەكرێتەوە کە زیاتر لە ٥٠ خاوەنكار و هەزار قوتابی دەرچووی زانكۆ و كارخواز بەشدار دەبن".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" بە هاوئاهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی ILO و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ڕۆژی یەكشەممە ٤ی ٥ی ٢٠٢٥ کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٥ی ئێوارە، لە شاری سلێمانی و لە شەقامی سالم و كارگەی كولتوور، دووەمین پێشانگای هەلی كار لە كوردستان دەكرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم پێشانگەیەدا زیاتر لە ٥٠ خاوەنكار و هەزار قوتابی دەرچووی زانكۆ و كارخواز بەشدار دەبن، بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی لە پلاتفۆرمی هەلی كار، ئەو پێویستییانە دەخرێنەڕوو كە خاوەنكارەكان تێیدا پێویستیان بە دەستی كارە.
یەكەمین پێشانگای هەلی كار لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا (پلاتفۆرمی هەلی كار)، كارا كرا و لەوكاتەوە كارخوازان و خاوەنكارەكان، هەژماری تایبەت بە خۆیان لە پلاتفۆرمەكەدا دروستدەكەن، بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێكاران و گەیشتن بە دەستی كار بۆ خاوەنكارەكان.