هەولێر.. کۆمسیۆن درێژکردنەوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکراوەتەوە".

مەروان محەمەد بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنج لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکراوەتەوە کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات، ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق". 

وتیشی" قۆناغی نوێکردنەوەی تۆمارکردنی لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٧ دەگرێتەوە، جگە لە جێبەجێکردنی پرۆسەکانی سڕینەوە و چاککردنەوە و گواستنەوە و گۆڕانکاری، هەروەها تۆمارکردنی هێزە سەربازییەکان و ئاوارەکانی ناوخۆ (ئاوارەکان) لە ناو کەمپەکان، و ئاوارەکانی قەزای شەنگال کە لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن لە خۆدەگرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، پارێزگاری هەولێر ٥٣ ناوەندی تۆمارکردن لە خۆدەگرێت کە بەسەرتاسەری سەنتەری شار و قەزا و ناحیەکاندا دابەشکراون.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو بەڵگەنامانەی کە پێویستن بۆ نوێکردنەوەکە بریتین لە ناسنامەی نیشتمانی، کارتی بەشە خۆراک.

هەروەها لە کۆتاییدا داوای لە هاوڵاتییان کرد، سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ نوێکردنەوەی داتاکانیان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەرکردنی ئەو کارتە بایۆمەترییە کە بتوانن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.

لەم لینکەوە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە



PM:01:02:24/04/2025