وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت، وتیشی"
هەمیشە لە پاڵ کوردەکان دەمێنینەوە و پێکەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لە هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی"هەمیشە فەرەنسا پشتیوانی لەکوردەکان دەکات و لە پاڵیان دەمێنێتەوە".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وتی:" وڵاتەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ١٠ ساڵە شان بە شانی یەکدی لە ڕووبەڕوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەردەوامن".
جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە لەگەڵ کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە بەردەوام دەبین.
ژان نوێل بارۆ، دووپتیشیکردەوە کە دەبێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە حکوومەتی سووریا لەبەرچاو بگیرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە ٢٣ی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، لەمیانی سەردانەکەدا لەگەڵ هەر یەکە لە مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە.