میدیای تورکیا بانگەشەی ئەوەدەکات کە ڕۆژی یەکشەممە پەکەکە کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە ئەنجام دەدات، ئەنجامەکەشی ڕەوانەی ڕێبەری پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵی دەکریت.
ڕۆژنامەی سوزچو کە نزیکە لە پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنەوە لە ڕاپۆرتیکدا کە پشتی بەستوە بە شیکردنەوە و زانیاری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندوە، بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە باکووری عێراق دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.
هەرچەندە پەکەکە تا ئێستاش بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە بەبێگرتنەبەری ڕێکارەکانی پڕۆسەی ئاشتی کۆنگرە ببەستن، بەڵام میدیا تورکییەکە دەڵێت، کۆنگرەکە بە بەشداری ٦٠٠ بەرپرسی پەکەکە بەڕێوەدەچێت لە سوریا و ئەوروپا و تورکیاشەوە بەشداری دەکرێت و ئەنجامەکەی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان دەنێردرێت.
ڕۆژنامەکە، سێ شوێنی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەکە ئاشکرا کردوە کە یەکیان سنوری قەزای کۆیەیە و یەکی دیکەشیان بناری قەندیلە و یەکێکی دیکەشیان نێوان شارەزور و پێنجوینە.
سوزچو دەشڵێت، پەروین بوڵدان و فایەق ئەرۆل کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چونە ئیمرالی، زانیاری وردیان لەبارەی شوێن و وادەی کۆنگرە و بەشداربووان لەگەڵ ئۆجەلان ئاڵوگۆڕ کردوە.
ئەوەشی وتوە لە کۆبونەوەی دەمپارتی و وەزیری دادی تورکیا باس لە ڕیکارەکانی ئازادکردنی زیندانیانی دۆسیەی پەکەکە کراوە، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی نزیکەی ٦٠ هەزار کەس ئازاد بکرێن.