کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی لە ڕۆژئاوای کوردستان، سبەی بەڕێوەدەچێت و ٢٠٠ ڕۆژنامەنوس و ٦٠ دامەزراوەی میدیایی ڕوماڵی دەکەن.
بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی لە رۆژئاوای کوردستان، نوێنەری سەرجەم حیزبە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان، کەسایەتییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان، سەرۆک هۆزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما، باب و عەزاز بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.
شاندێکی دەمپارتیش لە باکوری کوردستانەوە، لەگەڵ نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان ئامادە دەبن، نامەی پشتیوانی لایەنەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەخوێنرێتەوە.
بە گوێرەی رێنمایی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانسەکە، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەست بەکارەکانی دەکات و ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەشی یەکەمی بۆ ڕوماڵی میدیاکان کراوە دەبێت کە ٦٠ دامەزراوەی میدیایی و ٢٠٠ ڕۆژنامەنوس ڕوماڵی دەکەن.
وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە لەلایەن مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پێشکەش دەکرێت، ڕەشنوسی بەڵگەنامەی یەکێتی کوردان پەسەند دەکرێت، کە پێشتر پێشنیار کرابو، دەرئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکریتەوە.