وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هەر ئاژەڵێک کە دێتە ناو خاکی کوردستان، سەرەتا دەبێت کەرەنتین و پشکنینی سەلامەتی بۆ بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی نیسان وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند" وەکو وەزارەتی تەندروستیی پلانێکمان هەیە، پێی دەگوترێ "پلانی نیشتمانی ساڵانە" بۆ ڕووبەرووبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و کۆنتڕۆڵکردنیان، یەکێکیش لەو نەخۆشیانە تای خوێنبەربوونە کە ساڵانە لەگەڵ قوربانی کردن و گەرما بڵاو دەبێتەوە".
دەشڵێت"لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکمان داناوە هەر ئاژەڵێک بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، دەبێت سەرەتا کەرەنتین بکرێت و دواتر پشکنینی سەلامتی بۆ ئاژەڵەکان بکرێت، دوای ئەوەی ئاژەڵەکە سەلامەتە دەرچوو لە پشکنین ئینجا ڕێگەی پێدەدرێت بێتە ناو خاکی کوردستانەوە".
باسی لەوەش کرد، قوربانی کردن لە هەموو شوێنێک و شەقامێک قەدەغەیە، لە هەموو شار و شارۆچکەکان لیژنەکانمان سەردانی دەکەن لە هەر شەقامێک و کۆڵانێک و شوێنێکی گشتیی قوربانی بکرێت، ئەوا خاوەنی قوربانییەکە دووچار لێکۆڵێنەوە دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتەکان و دەزگا ئەمنییەکان سەردانی فرۆشگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکەن و پێویستە لە هەموو کوشتارگەکان هەموو گۆشتێک مۆری وەزارەتی تەندروستیی پێوە بێت، و مەرجی تەندروستییشی تێدا جێبەجێ کرابێت، داواش لە هاووڵاتیان دەکەین ئەو گۆشتە بکڕن کە مۆری تەندروستیی پێوەیە.
هۆشداریس دەدات لەوەی، هەر شوێنێک ڕێکاری و ڕێنماییەکانی تەندروستیی جێبەجێ نەکات، ڕاستەوخۆ لێکۆڵیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەوەش لە کاتیکدایە کە ڕۆژی رابردوو سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ژمارەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ٢٦ حاڵەت بەرزبووەتەوە"، هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە تاوەکو ئێستا تۆمارکراوە.