گۆڕانی زەرگەتە بەشداری کۆنفرانسی سبەی گۆڕانی کوردسات ناکات


بڕیارە شەممە گۆڕانی کوردسات کۆنفرانسی خۆی لە سلێمانی سازبکات، ئەندامانی گۆڕانی گردی زەرگەتە بەشداری کۆنفرانسەکە ناکەن و چاوەڕێی وەڵامی کۆمسیۆن دەکەن کە ئەنجامی کۆنفرانسی ٥ ی نیسانی ٢٠٢٥ پەسەند بکات.

لە پەیامێکدا کە شەوی ٢٥ ی نیسان بڵاویکردەوە گۆڕانی گردی زەرگەتە لە بارەی کۆنفرانسی گۆڕانی کوردساتەوە، دەڵێن" لێرەوە بە هەمو لایەکی ڕادەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر لەڕۆژی ٥ی ٤ی ٢٠٢٥ کۆنفرانسی دامەزراندنی خۆی ئەنجام داوە. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە شێوەیەکی قانونی داوای پەسەند کردنی کۆنفرانسی ٥ی ٤ی ٢٠٢٥مان کردوە، چاوەڕوانین بە ئەرێنی وەڵام بدرێتەوە".

" سەرەڕای ئەمەش بە بریارێکی کۆمسیۆن سبەینێ بۆ کۆنفرانسێکی نوێ دانراوە کە لەڕوی یاساییەوە تا وەڵامی کۆنفرانسەکە وەرنەگرینەوە، کۆنفرانسی ٢٦ی ٤ی ٢٠٢٥خەوشی قانونی لەسەرە و لەم ڕوەوە دڵنیاین سبەینێ نیصابی قانونی تەواو نابێت". ( گۆڕانی زەرگەتە بە ناراستەوخۆ کاردەکەن بۆ ئەوەی ئەندامانیان بەشداری نەکەن).

لە درێژەی پەیامەکەدا گۆڕانی زەرگەتە دەڵێن "پابەندی خۆمان بە هەمو ڕێکارێکی یاسایی ڕادەگەیەنین. لێرەوە بەڕای گشتی ڕادەگەیەنین بەپێی یاسا دەبێت (١٠٦٤) کەس لە ئەندامانی دەستەی گشتی بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادەبن. بۆیە بەرپرسیارێتی یاسایی سەبارەت بە ڕێژەی یاسایی (نصاب القانونی) دەخەینە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەبێت خۆی دور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی". 

لە کۆتاییدا جەختدەکەنەوە کە ئەوان لەلایەن خۆیانەوە چاودێری بەرێوەچونی کاروبارە یاساییەکان دەکەن و رێگە بە هیچ جۆرە یاسشکێنیەک نادەین.

بەیانی ئەمڕۆش گۆڕانی کوردسات لە راگەیاندنێکدا هاتووە" کۆنفڕانسەکە بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکان دەبێت، هاوکات نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئامادە دەبن".

لە بەشیکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا بزوتنەوەی گۆڕانی کوردسات داوا دەکات لە هەموو ئەو هەڵسوڕاوانەی مافی بەشداری و ناویان لە لیستی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، دەست لەناو دەست و قوەت لە خوای گەورە ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەپێناو سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەکەمان، هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاری و نوێبونەوە.





PM:08:48:25/04/2025