بڕیارە سبەی شەممە ٢٦ ی نیسان کوردانی رۆژئاوا بە ئامادەبوونی هێزە کوردییەکانی باکور و باشوری کوردستان کۆنفرانسی " یەکریزی هەڵوێستی کورد کە سبەی دەستپێدەکات سازبکەن.
لەم کۆنفرانسەدا کە بڕیارە مەزڵوم عەبدیش فەرماندەی هەسەدە بەشداری بکات، کۆنفرانس بڕیار لەسەر دوو پرسی گرنگ دەدات، لەلایەکەوە دەستنیشانکردنی وەفدێکی هاوبەش بۆ گفتگۆکردن لەگەڵ دیمەشق، لەلایەکی تریشەوە یەکخستنی تێڕوانینی سیاسی کوردی رۆژئاوای کوردستان و ئەو مافانەی داوای دەکەن لە دیمەشق.
هەر ئەمڕۆ هەینی ٢٥ ی نیسان، نوێنەرایەتی بارزانی سەرۆکی پارتی و شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دوێنێش وەفدێکی دەم پارتی لە باکوری کوردستانەوە گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسدا.
وەفدی یەکێتی بە سەرکردایەتیی ئەمین بابەشێخ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە گەیشتنە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئامانجی شاندەکە و نوێنەری بارزانی، حەمید دەربەندی بۆ بەشداریکردنە لە " کۆنفراسنی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد" کە سبەی دەستپێدکات و پێشبینی دەکرێت دوو رۆژ بخایەنێت.
حەمید دەربەندی پاش گەیشتنی بە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات "قەسەدە" کۆبووەوە.
کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، سبەینێ شەممە ٢٦ـی نیسان بەڕێوەدەچێت و ئامانجی بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکخستنی هەڵوێست و داواکارییەکانی کوردە بەتایبەتی لە سووریا.
ئەم هەنگاوە گرنگە ماوەیەکی زۆرە ئەمەریکی و فەرەنسیەکان کاری بۆ دەکەن و لە دوو مانگی رابردووشدا لە دوای پەیامەکەی ئۆچ ئالان و سەردانی مەەزڵوم عەبدی بۆ هەرێم و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی نزیکبوونەوەی ئەنەکەسەو پەیەدەی لێ بەرهەم هات.