نوێنەری مەسعود بارزانی لە 'کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد' لە رۆژئاوای کوردستان پەیامی مەسعود بارزانیی لە کۆنفرانسەکە خوێندەوە، کە جەخت لە چارەسەری ئاشتی و دیپلۆماسی دەکاتەوە و دەڵێت" یەکگرتن چارەسەری پرسی کورد دەکات لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان".
بەشێکی پەیامەکانی مەسعود بارزانی کە حەمید دەربەندی، نوێنەری بارزانی لە کۆنفرانسەکە دا خوێندنیەوە:
- ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەر بۆ پرسی کورد کە بەشداریی راستەقینەی کورد لەو وڵاتە مسۆگەر بکات.
- سوپاسی هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی دەکەم بۆ سازکردنی ئەم کۆنفرانسە.
- دەیان ساڵە گەلی کورد بەدەست فەرامۆشکردن، بێبەشكردن و نکۆڵیکردن و چەوساندنەوەوە دەناڵێنێت.
- ئەمڕۆ دەرفەتی زۆر باش بۆ گەلەکەمان هاتوونەتە پێش و بەرپرسیارێتیییەکەی مێژوویی قورس دەکەوێتە سەر شانتان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی بەرفراوان و گونجاو کە خواستی گەلەکەمان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، ئازاد و دیموکراسیدا بەدیبێنێت.
- چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی مژارە ئاڵۆزەکان لە هەموو کاتێک گرنگترە.
- پاڵپشتیی بنیاتنانی سووریایەکی نوێی دیموکرات، هەمەڕەنگ، یەکسان کە تێیدا مافەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە مسۆگەر بکرێن.
- پاڵپشتیی دەستوورێک دەکەین کە گەرەنتیی ئاسایش، ئارامی و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.
- ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی بنچینەییە بۆ بنیاتنانی پاشەڕۆژێکی گەش بۆ هەموو سووریاییەکان.
- یەکگرتنی کورد و بنیاتنانی بنچینەیەکی هاوبەش دەرگەی بنەڕەتیی چارەسەرێکی دادپەروەر و یەکجاریی پرسی کوردە لە سووریا.
- پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق هەنگاوێکی پێویستی بەشداریی راستەقینەیە بۆ بنیاتنانی داهاتووی وڵات و مسۆگەرکردنی مافی گەلەکەمان.
- جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندیی برایەتی لەگەڵ کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین.