نەوەی نوێ دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان هاوپەیمانی فراوان پێکبهێنێت

نەوەی نوێ سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئامادەی هاوپەیمانین لەگەڵ هەر کەس و لایەنێکی دەرەوەی دەسەڵات". 

جوڵانەوەی نەوی نوێ، ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت" نەوەی نوێ هێڵی سووری لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە بۆ کاری هاوبەش، جگە لە یەکێتی و پارتی". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

نەوەی نوێ هێڵی سووری لەسەر هیچ کەس و لایەنێکی دەرەوەی دەسەڵات نییە بۆ کاری هاوبەش

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان کۆبۆوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکاریەکانی عێراق و ناوچەکەو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان لە هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سەبارەت بەو بابەتە جگە لە وەرگرتنی بیروڕای هەموو ئەندامانی هەردوو فراکسیۆنەکە، هاوکات بەکۆی دەنگ بڕیاردرا کە دەرگای نەوەی نوێ بەڕووی هەموو لایەنەکاندا (جگە لە پارتی و یەکێتی) کراوە بێت بۆ هەر کارێکی هاوبەش و هاوپەیمانی و، نەوەی نوێ هێڵی سووری لەسەر هیچ کەس و لایەنێک  نییە، جگە لە پارتی و یەکێتی و ئەو گروپانە نەبێت کە سەر بە دوو حزبی دەسەڵاتن.



PM:07:34:26/04/2025