کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ( ئەپیکۆر ) رایگەیاند لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا و هەرێمی کوردستان نەگەیشتینە رێککەوتن. ئەوە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە و پشکی هەرێم رادەستکردنی رۆژانەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمە بە سۆمۆ تا لە هێڵی کەرکوک - جیهانەوە رەوانەی دەرەوە بکرێت.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی یەک شەممە، ٢٧ ی نیسان راگەیێندراوێکی لەبارەی گفتوگۆکانی کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەگەڵ حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "کۆمپانیاکانی بواری نەوت و ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ٢٠ـی نیسان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە کرد، بەڵام بەداخەوە لە کۆبوونەوەکە نەگەیشتینە رێککەوتن."
لەبارەی مەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی ئەپیکۆر جەخت لەوە دەکاتەوە دڵنیایی قەرزەکانیان پێبدرێت و دەڵێن" ئێمە ئامادەین دەستبەجێ هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا دەستپێبکەنەوە، هەرکاتێک رێککەوتنێک بکرێت کە دڵنیایی لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بدات، لەسەر بنەمای مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، هەروەها تەواوی ئەو بڕە قەرزەشی ماوە بە کۆمپانیاکان بدرێنەوە".
" پێویستە حکومەت بۆ دڵنیاییدان لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق دووپاتدەکاتەوە، بەڵام تێبینی ئەوەشمان کردووە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە بە یاسایی و رەوا دانیانپێدانراوە؛ هەربۆیە، هەر رێککەوتنێک بۆ پێدانی پارەی کۆمپانیاکان دەبێت شێوازی کاری راوێژکاریی نێودەوڵەتی بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لەخۆ بگرێت." ( ئەپیکۆر وا دەڵێت ).
ئەپیکور دەشڵیت " بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، چەندین پێشنیازیان بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان داوە و "پێشنیاز و راسپاردەکان بریتی بوون لە پێشنیازی شێوازی کارکردنی راوێژکاری نێودەوڵەتی، کە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراقی و گرێبەستی کۆمپانیاکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پێشنیازە پەسند نەکراوە."
لەدرێژەی بەیاننامەکەی ئەپیکوردا هاتووە، "حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هاوئاهەنگییەکان بەو ئاراستەیە، سنووردار و بێ ئەنجام بوون. ئەپیکور داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش دەکات."
چاودێران پێیانوایە ئەم رێکنەکەوتنەو هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێم کە دەبێت رۆژانە بەپێی رێککەوتنی ئەمساڵی نێوان هەرێم و بەغدا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.