دەم پارتی:کۆنفرانسەکەی ڕۆژئاوا هەنگاوێکی مێژوویی بوو

دەم پارتی لە راگەیەنراوێکدا کۆنفرانسی یەکریزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوا بە هەنگاویکی مێژوویی وەسف دەکات و دەڵێت" دیموکراسی تاکە چارەیە نەک حوکمڕانی سەپێنراو".

پیرۆزبایی سەرکەوتووی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەشی کورد, لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی نیسان دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکیدا رایگەیاند "کۆنفرانسی ڕۆژئاوا, کە نوێنەرانی پارتەکەمان ئامادەی بوون، نەک هەر هەنگاوێکی مێژووییە لە ڕووی بەرقەرارکردنی یەکڕیزیی نێوان کورد، بەڵکو دەرفەتێکی زۆر گرنگە بۆ دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراسی کە هەموو گەل و بیروباوەڕ و کەلتوورێک، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سووریا دەژی، بتوانێت بە ناسنامە و پێگەی خۆیەوە بژی."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" نموونەی ئەو دیموکراسییە کە بە ئیرادە و هاوپەیمانیی خەڵکی نیشتیمانەکەمان دروست بووە، تاکە چارەیە، نەک ژیان و حوکمڕانی سەپێنراو".

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان شەممە ٢٦ی نیسان بە بەشداریی زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.




PM:02:12:27/04/2025