بەرپرسێکی باڵای هاتوچۆی سلێمانی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی ئەفسەرێک کە پلەکەی عەمیدە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆمەتی وەرگرتنی " بەرتیل " دەستبەسەر کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " ئەفسەرەکە ( س. ع . ع )  لە پلەی " عەمید" دایە کە پلەیەکی سەربازی باڵایەو بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی " بەرتیل " دەستبەسەرە.

ئەو مادەیەی ئەو تۆمەتبارە باڵایەی پێ دەستبەسەر کراوە " مادەی ٣٠٧ " ی یاسای سزادانی عێراقییە کە تایبەتە بە وەرگرتنی " بەرتیل ".

لە ماوەیەکی لەمەوپێشدا لەم بەڕێوەبەرایەتییە ئەفسەرێکی تر بە پلەی عەمید، بەڵام پۆستەکەی بەرزتر لەم عەمیدەی ئێستا دەستگیرکراوە بە کەفالەتێکی زۆر تا رۆژی دادگاییکردن ئازاد کرا.

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە پێشتریش چەند ئەفسەرێکی دەستگیرکراون و دادگایی کراون.

بەڕێوەبەرایەتی هاوتوچۆی سلێمانی کە بەرێوەبەرایەتیەکی خزمەتگوازریە، رۆژانە فەوزایەکی زۆری تێدایەو هەفتەی رابردوو چەند ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە قەرەباڵغییەکی زۆری تێدا دروستبووەو، پاڵنان فشارخستنە سەر دەرگاکان لەو گرتە ڤیدیۆانەدا دەردەکەوتن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆخی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە هەستیارە بەم شێوەیەیە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هیچ هەنگاوێک نانێت بۆ چارەسەرکردنی.




PM:02:14:27/04/2025