سەرکردایەتی یەکێتی لە ڕووداوەکەی زیاد جەبار بە ناراستەوخۆ هێزی ئۆپراسیۆن تۆمەتبار دەکات

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پشتیوانی خۆیان بۆ زیاد جەبار دەربڕی و باڤڵ تاڵەبانی لیژنەیەک بۆ چاکسازی کاروباری هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی پێکدەهێنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی نیسان ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی پشتیوانی خۆیان بۆ زیاد جەبار ئەندامی سەرکردایەتی دوپاتکردەوە و ستایشی ئارامی و دان بەخوداگرتنی ناوبراویان کرد.

هەروەها جەختکرایەوە كە دڵنیان  دامودەزگا ئەمنییەكان رێكاری یاسایی و ئینزباتی پێویستیان گرتۆتە بەر بەرامبەر بەوانەی  لە رووداوی دوێنێدا پەلاماری پاسەوانەكانی زیاد جەباریان داوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشیاندا سەرکردایەتی یەکێتی  دەستخۆشیان لە  بافڵ تاڵەبانی کرد سەبارەت بە بڕیاری دروستكردنی لیژنەیەك بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی لە كاروباری هێزە ئەمنییەكانی تایبەت بە دەزگا حیزبی و مەدەنییەکان کە بڕیار وایە خودی  زیاد جەبار سەرپەرشتی لیژنەی ناوبراو بكات.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی رابردووشەڕێکی قورس لە نێوان پاسەوانەکانی زیاد جەبار و هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایش ڕوویدا و تێیدا زیاد جەبار کەوتە بەر هێرشی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشەوە.


 




PM:06:09:27/04/2025