هەپەگە گیان لەدەستدانی دوو گەریلای "بە چەکی کیمیایی" ڕاگەیاند

هێزەکانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت" لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا دوو گەریلامان بە چەکی کیمیایی شەهیدبوون". 

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥ەوە لە پێگەی ئاگربەستدایە، بەڵام بە ئێستاشەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێرشەکانی سوپای تورکیادا ڕووینەداوە، بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی، بە تایبەت لە ماوەکانی کۆتاییدا بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشەکانی بۆ سەر تونێل و سەنگەرەکانمان زیاتر کردووە". 

هەپەگە ڕاشیگەیاند" سوپای تورکیا کە ناتوانێت ئیرادەی هەڤاڵانمان بشکێنێت کە لەسەر هێڵی فیدایەتی لە بەرخۆداندان، لە ١١ـی نیسان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشێکی قورسی کردە سەر تونێلەکانمان و جارێکی دیکە تاوانی دژە مرۆڤانەی ئەنجام دایەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هەڤاڵانی نەمرمان؛ بەسێ و میترا کە بە تۆمارکردنی بەخۆدانی داستانی ڕێگەیان لە هێرشەکانی دووژمن گرت، شەهید بوون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢٤، ٢٥ و ٢٦ـی نیسان هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکرا و دوو جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان کراوە.

دەشڵێت" ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ـی نیسان، گۆڕەپانەکانی هەرێمی خواکورک، هەرێمی  گارە، هەڕێمی مەتینا، هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ بە گشتی هەزار و ١٦٤ جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردوومان کراون، هەروەها لە ٢٥ـی نیسان لە گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، بە چەکی نیوئۆتۆماتیک گورز لە داگیرکەران و حەفارەیەکییان درا کە لە هێرشکردنەسەر سەنگەر و تونێلەکانماندا بوون". 



PM:08:08:27/04/2025