ئومێد خۆشناو: هاوینێکی زۆر سەختمان لەپێشە

ئەمڕۆ یەکشەممە پارێزگاری هەولێر نیگەرانی خۆی لە کەمی بڕی بارانبارینی ئەمساڵ دەربڕی و دووپاتیکردەوە کە نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین لە ئەنجامدا سەخت دەبێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەداخەوە ئەمساڵ ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبینەوە کە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین هۆکاری سەرەکییە". 

ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بڕی بارانبارین ٥٤٠ ملم بووە، بەڵام ئەمساڵ بڕی بارانبارین ١٤٠ ملم بووە، واتە بڕی باران  گەیشتووەتە ٤٠٠ ملم. 

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، بەدڵنیاییەوە ئەمساڵ لە ڕووی ئاوەوە ڕووبەڕووی هاوینێکی سەخت دەبینەوە. 

پارێزگاری هەولێر وتیشی" ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت، و تا کۆتایی مانگی تەمموز هێڵی یەکەم تەواو دەبێت، چارەسەری لەسەدا ٧٠ی قەیرانی ئاوی هاوینە لە گەڕەکەکانی هەولێر دەکات".

ڕوونیشیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی تەواو دەبێت، و کێشەی ئەو گەڕەکانە چارەسەر دەکات کە بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن. 

دووپاتیشیکردەوە، سەبارەت بە کێشەی پچڕانی کارەبا کە کاریگەری لەسەر بیرەکانی چەند گەڕەکێک هەیە، هەمان پلانی ساڵی ڕابردوو پەسەندکرا بۆ دابینکردنی کارەبایان لە مۆلیدە ئەهلییەکانەو.

ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند" هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی تانکەری ئاو بەکارنەهێنین، هەروەها ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین لە ڕێگەیانەوە ئاو دابەش بکات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاوڵاتییان".



PM:09:31:27/04/2025