هونەرمەندێكی كورد دەستگیركرا

هونەرمەندێکی خەڵکی شاری ماکو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەركرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی نیسان هونەرمەند حەسەن ئەحمەدی خەڵکی ماکۆ، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حەسەن ئەحمەدی بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری دەستبەسەرکراوە و هێزە ئەمنییەکانیش بە وردی ماڵی ئەو هونەرمەندەیان پشکنیوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی و شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاوڵاتییه لەبەردەستدا نییە.

حەسەن ئەحمەدی یەکێکە لە هونەرمەندە چالاکەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری شاری ماکو، ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕێوڕەسمی گەورەی نەورۆز لە شاری ورمێ کە بە ئامادەبوونی زیاتر لە ١٥٠ هەزار هاوڵاتی بەڕێوەچوو، بەشداری کردبوو.

هەروەها پێشتریش سێ کەس لە برازا و خوشکەزای حەسەن ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.



AM:12:01:28/04/2025