دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئاشکرای دەکات کە ساڵی رابردوو ١٢ موچەیان بۆ فەرمانبەران ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم ١١ موچەی دابەشکردووە و دەڵێت" زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دینار بوە بۆ موچەخۆران نێردراوە".
حەیدەر یوسف خەلخال، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بە رۆژنامەی(سەباح)ـی راگەیاند" جیاوازی هەیە لە نێوان دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە دیاریکردنی موچەخۆران،وەزارەتی دارایی فیدراڵی تێبینی زۆری دەستنیشان کردوە، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا، لە ئەنجامی ئەو تێبینیانە هەندێک بڕە پارەی بڕیوە".
دەشڵێت"کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بۆ هەرێمی کوردستان دابینکرا، بۆ کۆی گشتی ١٢ مانگی تەواو، زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دینار بوە بۆ موچەخۆران، بەڵام حکومەتی هەرێم بە پاساوی بەشنەکردنی پارەکە تەنها ١١ موچەی خەرج کرد".
بەوتەی حەیدەر یوسف، تامانگی شوباتی ئەمساڵ، لەرێگەی شەش بانکەوە ٢٧٣ هەزار موچەخۆر موچەکانیان وەرگرتوە کە دەکاتە ٢٥%ـی کۆی موچەخۆرانی هەرێم جەختیش دەکاتەوە کە پرۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی ناکارامەیی ئەو بانکانەی گرێبەستیان لەگەڵکراوە، بەخاوی بەڕێوەدەچێت و وەک پێویست نییە.