پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، لە دو مانگی ڕابردو هەوڵی تەواویان داوە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان جێبەجێ بکەن بەڵام تا ئێستا حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی نەناوە.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ٢٧ی شوباتدا بە هەمو توانایانەوە پشتیوانییان لە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو هەوڵیانداوە بە دروستی لە بانگەوازەکە تێبگەکەن و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکومەتی تورکیا لە بەدەمەوە هاتنی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام پەکەکە بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هەڵوێستەکەی، چونکە بڕیارەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان جددیە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەن و هەوڵدەدەن نەبنە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەوەیش خراوەتەڕو، شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات و دەڵێت" ئۆجەلان هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی لەلایەن حکومەتەوە نەنراوە، هیوادارن دۆخە بگۆڕرێت و ئۆجەلان بتوانێت ئازادانە کۆنگرەی پەکەکە ببەستێت کە هەموان چاوەڕێی دەکەن".