یەکێتی خانەنشینان: بەشێک لە خانەنشینان چوار مووچە وەردەگرن

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی مامەڵەی خانەنشینان زانیاری نوێی خستەڕوو و ڕایگەیاند، ئەوانەی مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت، مووچەی هەموو ئەو مانگانە پێکەوە وەردەگرن کە وەریاننەگرتووە.

سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، چوار مانگە نە وەک فەرمانبەر و نە وەک خانەنشین هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مامەڵەی خانەنشینبوونیان تەواو نەبووە.

باسی لەوەشکرد، ئەو کارمەندانەی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەدەبەن ژمارەیان کەمە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا کۆتایی ئەم ساڵ مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو ناکرێت.

لەبارەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، سادق شێخ عوسمان وتی: "هۆکاری دواکەوتن و پێنەدانی مووچەی خانەنشینان تەواونەبوونی مامەڵەکانیانە، تا مامەڵەکانیشیان تەواو نەکرێت مووچە وەرناگرن”.

ئەوەشی باسکرد،"لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئەم مانگە تا ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و ٦٠٠ مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراوە".

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣١٢ هەزار خانەنشین هەن، ١٦٤ هەزار خانەنشینی شارستانی و ١٤٨ هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.




PM:04:00:28/04/2025