نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیلی ڕایدەگەیەنێت" باری تەندروستی پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان - دەم پارتی بەرەوە خراپتربوون دەچێت".
ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگەیل لە ئەستەنبوڵ بڵاویکردەوە" سری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتار کە ماوەی ١٣ ڕۆژە لە چاودێری چڕدایە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەردەوام لە زیادبووندایە بۆ سەر ژیانی".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە" سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، بەڵام باری تەندروستی بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، گەیشتووینەتە ئاستێکی دیکەی شکست، کاردانەوەی نەخۆشەکەمان کەم بووەتەوە و ئاوسانی مێشکی هێشتا بەردەوامە، بەداخەوە مەترسی مردنی نەخۆشەکە لە زیادبووندایە، و ئێمە بە سەبرەوە بەردەوامین لە چارەسەرکردن و چاودێریکردنی حاڵەتەکە".
سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی)، دوای ئەوەی باری تەندروستی تێکچوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتنگال لە ناوچەی شیشلی ئەستەنبوڵ و لە ئەنجامدا نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجامدرا.
سەرەڕای چارەسەری پزیشکی، بەڵام بەپێی بەیاننامەکانی حزبەکە کە ئاماژەیان بە تیمی پزیشکی سەرپەرشتی چارەسەرکردنی کردووە، بارودۆخی ناجێگیرە.