لەگەڵ ڕۆژی جیهانی یادی قوربانیانی کرێکاران، لیژنەی ١ی ئادار لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە ئامارێکی سەبارەت بە زیانی گیانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە.
ئەندامی لیژنەکە شاباز مەحمود لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ١٢ کرێکار لە ئەنجامی ڕووداوەکانی پەیوەست بە نەبوونی ستانداردەکانی سەلامەتی پیشەیی گیانیان لەدەستداوە".
ڕوونیشیکردەوە، لە هەولێر پێنج حاڵەت، چوار لە سلێمانی، سێ حاڵەت لە دهۆک تۆمارکراون.
جەختیشیکردەوە، سەرجەم گیان لەدەستدانەکان لە ئەنجامی نەبوونی ڕێوشوێنی سەلامەتی و ئەمنی لە شوێنەکانی کاردا بووە.