یەکێتی و پارتی رێکنەکەوتن
پێکهێنانی حکومەت دوور دەکەوێتەوە


پێش سەفەرەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەرەوەی وڵات، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی و وەفدی دانوستانی هەر دوولا لە هاوینەهەواری دوکان رێکخرا، کۆبوونەوەکە تا ئێستا هیچ راگەیاندراوێکی تێد بڵاونەکرایەوە. " سپی " زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاودەکاتەوە.

دوو شەممە ٢٨ ی نیسان لە میوانخانەکەی تاڵەبانی باوک لە دوکان جارێکی تر دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردندا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و تایبەت رێکخرا بۆ هەردوو وەفدی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەکە کە لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانەوە بووە، دوای چەند کاتژمێر کۆبوونەوە نە گەیشتە هیچی ئەنجامێک، بەمەش پێکهێنانی کابینەی نوێ جارێکی تر درایە دەست کۆبوونەوەکانی داهاتوو، لە کاتێکدا سەرۆکی یەکێتی بەمزوانە سەفەری دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی ئەمەریکا دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " هەرچەندە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئارامدا تێپەڕیووە، بەڵام هەردوو لایەن لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکانەوە زۆر لە یەک دووربوون.

لەسەر ئاستی سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ بافڵ تاڵەبانی داوای یەکێک لە هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی کردووە، بەڵام لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، رەتکراوەتەوەو، ئەوان ئەو دوو پۆستە بە پشکی خۆیان دەزانن.( راگرتنی هاوسەنگی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هێڵی سوورە بۆ پارتی).

هەرچی یەکێتی یە لەم کۆبوونەوەیەدا مکوڕ نەبووە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر نەکردۆتەوە.

هەرچەندە یەکێتی داوای پۆستەکانی؛ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ، سامانە سروشتییەکانی کردووە، وەک ئەلتەرناتیڤێکی یەکێک لە دوو پۆستەکەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، بەڵام پارتی ئەم داوایەشی رەتکردۆتەوە.

مەسرور بارزانی ئامادە بووە هەردوو وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە بدات بە یەکێتی، بەڵام یەکێتی مکوڕبووە لەسەر وەرگرتنی ئەو سێ پۆستە.

هاوکات یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا داوای دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکانی بووە، بەلآم پارتی لەم بارەیەشەوە هیچ ئامادەییەکی پێشان نەداوە.

تا ئێستا هیچ راگەیاندنێکی هاوبەش، یان تاک لایەنە لە بارەی کۆبوونەوەکەوە رانەگەیەندراوە.

ماوەی شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، هەردوو لایەن ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەر تێڕوانینی ستراتیژی حکومەت رێککەوتوون، بەڵام ئەمە دوو کۆبوونەوەیە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ئەنجامی دەدەن، هەردووکیان بەبێ رێککەوتن کۆتاییان هات.




PM:11:30:28/04/2025