لەبارەی مووچەی مانگی چوار بڕیار دەدرێت

ماڵپەڕێکی پارتی ڕایدەگەیەنێت" وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نیسان تەواو بووە و ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی ناردنی پارەکە دەدرێت". 
 
ماڵپەڕێکی پارتی لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە" دوای وردبینی، بەغداد، هیچ تێبینی لەسەر لیستەکە نەبووە، چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن، ئەو کات بابەتی مووچە بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکلایی دەکرێتەوە". 
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق واژووی بکات و بڕیاری خەرجکردنی پارەکە بدات، سبەینێ پارەکە دەنێردرێت، بەڵام ئەگەر یەکلایینەکرێتەوە، بەهۆی پشووی رۆژی پێنجشەممە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
  
پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەکردبوو، لیستی مووچەی مانگی نیسان و بڕی ٤٨,٢٠٥,٧٦٥,٠٠٠ دینارییان لە داهاتی نانەوتی مانگی ئادار ڕەوانەی بەغداد کردووە.  



AM:12:06:29/04/2025