ئاسایشی هەرێم لەبارەی هێرشەکانی سەر پێشمەرگە راگەیەنراوێکی بلاوکردەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، دوو جار بە دڕۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و پێنج پێشمەرگەش لە ئەنجامدا برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی نیسان ئەنجومەنی ئاسایسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە"دوێنێ و بەیانی ئەمڕۆ گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون".

ڕوونیشیکردەوە بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن".

هەر لەو بارەیەوە کامەران عوسمان بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سی پی تی تایبەت بە سپی راگەیاند، کە هێرشەکە کاتژمێر ٦:٣٠ بەیانی بۆ سەر لافە لە باشووری ئامێدی ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا دڕۆنێکی بۆمبرێژکراو خۆی بەسەر خاڵێکی پشکنینی پێشمەرگەدا تەقاندووەتەوە.

کامران عوسمان وتیشی" هێزی پێشمەرگە تازە خەریکی دروستکردنی خاڵێکی سەربازییە لە شوێنێکی هەستیاری ئەو ناوچەیە کە دەکەوێتە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا".




PM:02:33:29/04/2025