سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند"پێویستە دەمپارتی لە دژی کۆنفڕانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵوێستی خۆی نیشان بدات و پەکەکەش بە زوترین کات چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا- مەهەپە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت" پێویستە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەمپارتی، لەدژی کۆنفڕانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاوەستێت و هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیانراوەکەدا، باخچەلی داوایەک ئاڕاستەی پەکەکە دەکات و دەڵێت" پێویستە پەکەکە بە زوترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت و چەکەکانیان ڕادەست بکەن و پڕۆسەی خۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی تەواو بکات".
ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەو هەنگاوانەش پێویستە بۆ ئەوەی ئاستەنگی بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیایەکی دور لە توندوتیژی دروست نەبێت و ئاڵۆزی ڕونەدات.