سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند: ئەگەر دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بەردەوام بێت، کاندیدی پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەگۆڕن و جەختیشی کردەوە، دوای هەڵبژاردنەکان، سیستمی پەرلەمانیی دەگەڕێننەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کوماری- جەهەپە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەگەر پڕۆسەی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورە شارەوانی ئیستەبوڵ بەردەوام بێت، ئەوا کاندیدی پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەگۆڕن.
سەرۆکی جەهەپە پێشبینی ئەوەشی کرد، لە هەڵبژاردنەکاندا ٧٠٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنن و زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن و وتیشی" لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، دەستور دەگۆڕن و ئیمامئۆغڵو ئازاد دەکەن".
ئوزەل وتیشی، ئامادەکارییەکان بۆ بەهێزکردنی سیستمی پەرلەمانی بە جۆش و خرۆش و خێراییەکی زۆرەوە دەکرێن و مەنسور یاڤاش دەکەنە سەرۆک کۆمار و ئیمامئۆغڵو دەکەنە سەرۆک وەزیران.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە ١٩ی ئاداری ئەمساڵ دەستگیرکرا و دواتر لە ٢٣ی ئاداردا بە بڕیاری دادگە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.