وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە لە لیستی مووچەدا داوای دوو مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کرابێت.
ئەمشەو بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند پەیج و میدیایەک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبووە، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر مووچەی بانکە حکومییەکان بووە بۆ مانگی نیسان کە گوایە داوای دوو مووچە بۆ بانکەکان کراوە و لەناو لیستەکاندا ناوی دوو بانک لە بیر کراوە و دواتر چارەسەر کراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، بە پێویستمان زانی بۆ هەموو لایەکی ڕوون بکەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو تەنها داوای یەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوە و هیچ گۆڕانکارییەک لەلیستی مووچەکانیان نەکراوە.
ڕاشیگەیاند، داواکردنی دوو مووچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانکەکان بۆ مانگەکانی نیسان و ئاب و کانوونی یەکەم ئاساییە و ساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عێراق و هەرێمی کوردستان پانزە مووچە وەردەگرن کە سێ مووچەیان زێدەکییە.