دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش هێزەکانی سوریای دیموکرات زیادکردنی ڕێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکانی لە دێرەزوری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند.
هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" ڕێوشوێنە ئەمنییەکانمان لە لادێکانی دێرەززور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادکردووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی چەکدارانی داعش کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە دێرەزور ئەنجامدرا، پێنج لە شەڕڤانمان شەهیدبوون و چەند چەکدارێکی دیکەش برینداربوون لە کاتی بەرپەرچدانەوەی دوو هێرشی تیرۆریستی کە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانمان لە شارۆچکەی جەزارات کردبووە ئامانج".
هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاشیگەیاندووە" لە بەرامبەر پیلانی تیرۆریستی، هێزەکانمان، لە ڕێگەی ئەنجوومەنە سەربازییە جۆراوجۆرەکانیانەوە، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دەورییەیان لە ناوچەکەدا زیادکردووە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی جموجۆڵی شانە و چالاکییە تیرۆریستییەکان لە سوریا بە گشتی و دێرەزور بەتایبەتی، رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات ئاستێکی بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان بەدەستبهێنێت کە هێزە سەربازی و ئیدارییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە ئامانج".
هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەیی شەڕڤانانی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی چەکدارانی داعش دووپاتکردەوە کە هەوڵی ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری دەدەن، هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی بێوچانی خۆی بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی لە هەموو بارودۆخێکدا کردەوە.