لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا ١٨ کەس کوژران و لە سەهنایاش قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا.
هاوار نیوز کە ئاژانسێکی هەواڵی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدەیە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە" گرژییە ئەمنییەکان لە لادێکانی دیمەشق بەردەوامن و تێکهەڵچوون لە شارۆچکەکانی سەحنایە، ئەشرەفیە سەهنایا و جەرامانا ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ١٨ کەس کوژراون کە پێدەچێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزبێتەوە".
هەروەها لای خۆشییەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە" لە نێو کوژراوەکاندا شێخ وەجدی حەج عەلی کە بەهۆی برینێکی گوللـە لە سەری لە سەحنایە کوژراوە، ئەمە جگە لە کوژرانی چەکدارێکی لایەنگری دیمەشق و نۆ ئەندامی هێزە هاوپەیمانەکانی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکاندا کاربەدەستانی دیمەشق قەدەغەی هاتووچۆی شەوانەیان لە سەهنایا و ئەشرەفیە ڕاگەیاندووە، هاوکات جەرامانەش شاهیدی ئامادەبوونی قورسی ئەمنی و جموجۆڵی ئەو خێزانانە بوو کە لە ترسی تێکچوونی ئەمنی شارەکەیان بەجێهێشت، هەروەها فڕۆکەخانەی سەربازی تەعلە لە لادێی سویدە لەلایەن هێرشبەرانی نەناسراوەوە کرایە ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی لێبکەوێتەوە.
دەشڵێت" گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سوریا لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی دێت کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامێکی کۆمەڵگەی دروز کە سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کردبوو، ئەمەش شەپۆلێکی گرژی تائیفی لێکەوتەوە کە لە ئێستادا تەشەنەی کردووە بۆ کەمپی زانکۆکان و شارەکانی دیکەی سوریا".