سکاڵای یاسایی لەسەر بانکی TBI تۆمار دەکرێت

جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" سکاڵای یاساییمان لەسەر بانکی TBI تۆمارکردووە، ئەوەش لە ئەنجامی پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنێک کە ساڵی ڕابردوو لەگەڵی ئەنجامدراوە". 

عەزیز ئەحمەد جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" نیگەرانین لە دواکەوتنی بانکی بازرگانی عێراق لە دانانی ئامێری پارەدانی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی کوردستان". 

دەشڵێت" ساڵی ڕابردوو بانکەکە بەڵێنیدا ١٠٠ ئامێری نوێی ڕاکێشانی پارە بۆ (هەژماری من) دابینبکات و جگە لەوەش زیاتر لە ٤٠ هەزار داواکاری لە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمەوە پێگەیشتووە، بەڵام بانکەکە هێشتا فەرمانی کڕینی دەرنەکردووە و چاپکردنی کارت بۆ فەرمانبەرانی حکومی دواکەوتووە". 

ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بانکەکە پابەند نەبووە بە رێکەوتنەکە، حکومەتی هەرێم سکاڵایەکی فەرمی لە بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی له‌سه‌ر بانكه‌كه‌ تۆماركردووە. 

بانکی بازرگانی (TBI) بانکێکی عێراقییە و لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بەغداد دامەزراوە کە یەکێکە لە بانکە پێشەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کەرتی بازرگانی و دارایی وەبەرهێناندا.

هەروەها لە ئێستادا ٢٥ لقی لە عێراق هەیە کە لە نێوان بەغدای پایتەخت، بەسرە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی، کەربەلا، ڕەمادی، تکریت، ناسریە، ئامارا، هیلا، کوت، و دهۆک دابەشکراوە.



AM:11:11:30/04/2025